چاوه/ فاتح شێخ: شەپۆل ئەسپی تووڕەن چەپۆکان ئەکەن

شخصی سازی فونت
  • کوچکتر کوچک متوسط بزرگ بزرگتر
  • Default Helvetica Segoe Georgia Times

پەڕاوپەڕ زرێبار
شەپۆله شەپۆله شەپۆله
له چوونا

له هەڵچوون و داچوونی بێ هان و هوونا
له چەرخەی هەبوونا و له ڕەوتی نەمان و نەبوونا

نەمانێک به خەوتن له کۆشی کەفاوی کەنارا
له چوونا
پەشۆکاوه
مل پێوەناوه
شەپۆل
پشوو لێ بڕاوه
وەکوو ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکا
بێئاگایه بۆ کوێ دەچێ
هەر دەچێ و داژوێ تا قەراغی لەناوچوون،
قەراغێ که مۆڵگەی نەمانه،
که دوامەنزڵی هەر شەپۆلێکه
ورد و درشتی
بەڵام له شوێن هەر شەپۆلێ
هەزاران شەپۆلی پشووتازه دێن و بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
تەماشا که، بڕوانه. فەوجی شەپۆله
که هەر دێن و دێن و لەدوایەک لەدوایەک
قەراغی زرێبار ئەپێکن
دەموچاو له ئاوی چەو و خیز و ئامێزی ماسەی قەراغا ئەشۆن و
سەریشیان له داوێنی بێڕەحم و بێئاوەزی تاشەبەردان ئەنێن و
لەوێ دائەمێنن
له چوون و له بوون ڕائەمێنن
له بستێنی مەنزڵگەیان ڕائەوەستن،
لەوێ دائەشۆڕن،
ئەگۆڕن
لەوێ ئەبنه شۆڕاوی خاوی کەفاوی
له بستێنی مەنزڵگه
کۆتایی پێ دێ هەبوونی شەپۆلی
له شوێن ئەو شەپۆله
به لەشکر شەپۆلی پشووتازه دێن و بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
له جەنگەی تەوژم و هوروژما
له بەرزبوونەوه و دانەوینا
شەپۆلن که هەر دێن و دێن
دێن و دەشکێن بەسەر یەکترینا
وەکوو پۆله باڵندەکان، دەم لەسەر پشت
سەر و باڵی خۆیان به ئاسمانی ئاوا ئەکێشن
چما هەر به یەکتر ئەڵێن:
You Can’t Go Home Again
بەڵام له شوێن پۆله باڵندەکان
چەنان پۆلی تازه بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
زرێبار شەوان هێدیه
چ خۆشه مەلەی ناو زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو
چ سوکنایی بەخشه، چ ساڕێژکەری زامەکانه
شەوانه تەواو هێدیه
بەس به ڕۆژا زرێ-لەرزە ئەگرێ،
چلۆن بوومەلەرزە تەکان و هەژینی زەوینه
زرێ-لەرزی ڕۆژانه ڕەسمی هەژینی زرێباره
شەوان ئەم زرێباره چەن هێوره،
ئەرخەیانه
له بن خێوەتی مانگەشەو، دادەهێزێ بەجارێ
شەوانه شەپۆلانی نەسرەوتەنی،
تا درەنگ ناخەون
هەزاران چپه و مۆرەمۆر و هەوای ئاشقانه
له گوێی هاوشەپۆلانی خۆیان ئەخوێنن
لەسەرخۆ، به چرپه، به هێواشێ. بێدەنگ
گەلێ چرپه ئاوازی خۆش خۆش
به گوێی یەکترینا ئەچرپێنن
هەتا خەو ئەیانباتەوه
خەوی بێخەمی و بێئومێدی و ئەرامەننەیی
زرێبار که دایکی شەپۆلانه
به گۆرانی نەرم و حەزینی
له بێشکەی تەژی مێهرەبانی
ڕایان ئەژێنێ
که مانوویەتی گشت چەپۆکانی ڕۆژیان له تەن داتەکێنێ
***
بەڵام ئەی به ڕۆژا؟
به ڕۆژا هەدادان له ئاوا محاڵه
پشوودان له ناوا نیه،
بێوچان هەر شەپۆله دەجووڵێ،
دەگاته قەراغ و له بن تاشەبەردێکی بستێن
له جووڵان ئەوەستێ
ئەنیشێتەوه
شەپۆل ئەسپی تووڕەن چەپۆکان دەکەن
له جووڵەی نشێو و تەوژما
له هان و هوروژما
لە هەڵچوون و داچوونی بوون و نەبوونا،
***
زرێبار بەیانانه شینه
هەمان ڕەنگی شینی گەشی ئاسمانی سەروو خۆی
لەگەل نیوەڕۆدا دەچێته کەشی خۆڵەمێشی
چما خاک و خۆڵی بیابان له سیمای دەنیشێ
که ئێواره دادێ،
شەبەق تیشکی سووراو ئەهاوێته گیانی
ئەڵێی تاو و تینی ژیانه ئەزێته هەناوی
ئەڵێی هاز و هاڵاوی گەرمای نەوەی ئاگرەسووره
به گیان دانەدانەی شەپۆلا گەڕاوه
***
(هاوار و پرسیار)
هۆهۆ زرێبار
زرێبارەکەی بریندارەکەی لێوبەبارەکە!
شیرین ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکه!
تاوێ لاوەکه،
بۆ لای سکاڵا و پرسیار و داوام، ئادەی لاوەکه:
ئاخۆ ئەتوانی تاوێ ئارام بی
بەشکەم من ئەمشەو
شەوگاری ئەمشەو
بەشکەم خەمانی چەنای چەن ساڵەم
هەزاران زامی نەشۆراوەی گیان
له پەنای شەوقی مانگەشەوەکەت
تۆزی سارێژ کەم؟
ئاخۆ ئەتوانی؟
نانا
وابزانم،
هەرگیز ناتوانی
هەرگیز نەمدیوه
تۆ ئۆقره بگری
نه خۆت نە هاژه و هوروژمی ئەسپی تووڕەی شەپۆلت
ئارام ناگرن
تا کۆتایی کار
تا کۆتا کردنی کۆڵبەری بۆ نان،
تا لەناو بردنی ژینی کۆیلەیی و کۆڵبەری مەینەت
تا دوامەنزڵگای ڕزگاری هەموان
هەتا مەنزڵگای ئازادی ئینسان
منیش لەگەلتان
"به پێی بلووقاوی و لەشی زامارەوە"
تا لووتکەی ئامانج
لووتکەی ئامانجمان:
ڕزگاری ئینسان، ڕزگاری ئینسان!

چاوه/ فاتح شێخ
١٤٠١/٨/١٢ – 2022/11/03